دار هه‌ڵگره‌ سه‌گی دز ده‌رئه‌كه‌وێت ... عیماد عه‌لی

16. 12. 11

ئه‌وه‌تا له‌یه‌ك كاردانه‌وه‌دا به‌ ناچاری، بۆ فشارێكی راسته‌وخۆ و ده‌رخستنی حه‌قیقه‌ته‌كان، حكومه‌تی هه‌رێم نیمچه‌ دانپێدانانێكی به‌ داهاتی هه‌رێمدا نا و، ده‌ڵێت مانگانه‌ داهاتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌ یه‌ك ترلیۆن و بیست ملیار دینار، به‌ جیاوازی 390 ملیار دینار زیاتر له‌وه‌ی له‌ بودجه‌كه‌ی به‌غدا بۆ هه‌رێم دیاریكراوه‌. كه‌واته‌ بۆچی تا ئێستا له‌م بره‌ پاره‌یه‌ی به‌رده‌ستتان كه‌ هه‌ر زۆر به‌كه‌می حسابی بكه‌یت هه‌ر مانگه‌و ده‌تانتوانی موچه‌ی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران به‌ ته‌واوی بده‌ن نه‌ك چاره‌كه‌ موچه‌كه‌ و به‌ دوو مانگ جارێك، ئێستا چۆن له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا مامه‌ڵه‌ده‌كه‌ن. ئه‌ی بۆ وه‌ڵامی خه‌ڵك ناده‌نه‌وه‌، هه‌ر هیچ نه‌بێت باس له‌وه‌ بكه‌ن ئه‌م هه‌موو قه‌رزه‌ له‌ پای چی، كه‌ داهاتی كوردستان له‌ موچه‌دان و خه‌رجی به‌كاربردن زیاتریش بووه‌، بۆچی باس له‌ شكستی راسته‌قینه‌ی خۆتان ناكه‌ن و داوای لێبوردن ناكه‌ن و، خۆتان به‌ راست له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.

بۆیه‌، له‌م ماوه‌یه‌ی پێشودا، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی كوردستان گومانێكی هه‌بوو له‌مه‌ر بری داهاتی كوردستان و له‌حاڵه‌تی نیمچه‌باوره‌ێكدا بووبن كه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی دێته‌ده‌ستیان به‌شی موچه‌ و خه‌رجیه‌كان ناكات و ئه‌و قه‌رزانه‌ ده‌ستی گرتوون و ئه‌م موچه‌ برینه‌ سیاسی نیه‌ وه‌ك نه‌یارانی پارتی و خه‌ڵك باسی ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ئه‌مرۆ به‌دواوه‌ زۆر شت روون بووه‌وه‌. ئه‌م داهاته‌ی كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌ فه‌رمی به‌ خۆی ده‌ڵێت و دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ بودجه‌كه‌ی به‌غدای سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێم له‌ داهاتی خودی هه‌رێم كه‌متره‌، ئه‌گه‌ر وه‌ك تائه‌مرۆ به‌سه‌ربه‌خۆ نه‌وت بفرۆشێت، ئه‌مه‌ وه‌زعی داهات و دزی و گه‌نده‌ڵی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی وه‌ك رۆژی رووناك و بێ پێچوپه‌نا بۆ خه‌ڵك ده‌رخست و، ئه‌گه‌ر ئه‌م یاسایه‌ی بودجه‌ی په‌رله‌مانی عیراق نه‌بوایه‌ قه‌ت ئه‌م دانپێدانانه‌مان نه‌ده‌بیست و نه‌ده‌بینی. بۆیه‌ وه‌ك په‌نده‌ كورده‌كه‌ی خۆمان ده‌ڵێت دار هه‌ڵگره‌ سه‌گی دز ده‌رئه‌كه‌وێت، وا به‌ سوكه‌ دارهه‌ڵگرتنێكی راست و دروست و راسته‌وخۆو، شته‌كان ده‌ركه‌وتن و ئه‌م حكومه‌ته‌ ده‌ڵێت ئه‌ی گه‌لی كوردستان، داهاتی حكومه‌تی هه‌رێم له‌وه‌ زیاتره‌ كه‌ له‌ به‌غدا دانراوه‌، كه‌چی به‌غدا ده‌ڵێت ئه‌مه‌ی له‌ بودجه‌دا دانراوه‌ به‌شی موچه‌خۆران و خه‌رجی به‌كاربردنیش ده‌كات، له‌ولاشه‌وه‌ هه‌رێم به‌و داهاته‌ زیاده‌شه‌وه‌ بۆ دوو ساڵه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران نادات.

بۆ سێ ساڵه‌ خه‌ڵك ده‌ناڵێنێت و حكومه‌ت بێباكه‌ له‌ هه‌موو شتێك و ته‌نانه‌ت گوێ له‌ خانه‌واده‌ی شه‌هیدانی به‌رێزیش ناگرێت، وا ئه‌مرۆ كه‌ ته‌نها یه‌ك رۆژمان له‌به‌رده‌م ماوه‌ بۆ تێپه‌راندنی بودجه‌ی عیراق، حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر هیچ نه‌بێت نه‌هێڵێت به‌وشێوه‌یه‌ بروات، ده‌ڵێت، به‌‌مه‌‌به‌ستی دڵنیابوون له‌ ورده‌كاریی و به‌راوردكارییه‌‌كانی نێوان داهاتی هه‌رێم (به‌قسه‌ و دانپێدانانی خۆی) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌شی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی به‌غدادا دیاریكراوه‌ و خستنه‌رووی دۆكیۆمینته‌كان و ڕاپۆرته‌كانی شیكردنه‌وه‌، میوانداریی سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی به‌رێزی فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق بۆ كۆبونه‌وه‌ و خستنه‌رووی راستیه‌كان ده‌كه‌ن. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جارێكی دی ئاماده‌یی ته‌واوی خۆی ده‌رده‌برێت بۆ دانوستان و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدرالێ و له‌به‌رامبه‌ر دابینكردنی ته‌واوی شایسته‌ داراییه‌كانی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌‌وا حكوومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌ی رێككه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فدیراڵ به‌ مه‌‌رجێك زیان به‌ هه‌رێم نه‌گات. ئا له‌م كاته‌دا و به‌ دانپێدانانی راستیه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ و وائێستا ناچاریت له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی فراكسیۆنه‌كان دانسوتان بكه‌یت و جارێكی تر بۆ سه‌رخه‌ڵه‌تاندن و، هیچت بۆ نه‌مابێته‌وه‌ به‌ ناچاری له‌ كاتی به‌سه‌رچودا په‌نا بۆ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان به‌ریت و له‌مه‌و پێش هیچ منه‌تێكت نه‌ به‌ میله‌ت و نه‌ به‌ په‌رله‌مانی كوردستان نه‌ عیراق و نه‌ هیچ دڵسۆزێكی كوردستان و نه‌ به‌كه‌س نه‌بێت، ئه‌مرۆ بۆ جاپۆشینی كرده‌وه‌ نابه‌جێ و شكسته‌كانت به‌م شێوه‌یه‌ بدوێیت كه‌ زۆر شه‌رمه‌زاریه‌. بۆیه‌ حه‌قه‌ بڵێین له‌به‌غدا دار به‌رزكرایه‌وه‌ له‌ هه‌ولێر ده‌ركه‌وت.


بگەڕێوە بۆ سەرەوە