سوڵتانی بەختەوەریی . . . !!! . بەشی پێنجەم ... حەمید عەزیز

16. 12. 11

خۆشترین و جوانترین هەستێک ئەوەیە بەختەوەرت بکات کەکەسێک هەیە لەژیانتداو خۆشی بووێیت ئەوە دەبێتە هیواو ژیان و خۆشگوزەرانیی بۆیە ئەگەر ئێمەش تۆمان خۆشبوێت ئەو هەستە جوانەت لەلادروست دەبێت دەبا تۆش ئەو کەسە شیرین و جوانەبیت کەکەسێک و یان دەوروبەرت خۆشبوێت دەبا تۆ هەوێنی دروستبوونیی ئەو بەختەوەریە بیت بۆ کەسانیتر بەدڵنیایی یەوە مرۆڤێکی مەزن و شایستە دەبیت . کەواتە چی لەوە گەورەترە دڵت خۆشبکەن تۆش وابیربکەرەوە کەحاڵی کەسانی بەرامبەر خۆش بکەیت ئەمەیە واتای مرۆڤبوونیی ئێمە .

کارەساتە کەدەسەڵات و نەتەوەیەکی خێڵەکیی و دواکەوتوو گرنگی بەئافرەتان نادەن و کچانیان ناخەنە بەر خوێندن و زانست و ڕۆشنفکریی کەچی کەدایک و ژن و خوشکیان نەخۆش دەکەون بۆ پزیشکیی ئافرەت دەگەڕێن جێگەی پێکەنین و لەهەمان کاتدا جێگەی سەرسوڕمانە لەوەش کارەساتتر ئەوەیە کەکێشەیەکی دەرونیی یان تەندروستی یان کۆمەڵایەتیان دەبێت دەچنە لای مەلاو شێخ و فەقێ کەلەزەرەرو درۆ زیاتر هیچ سودێکی نی یەو بەپێچەوانەوە دواکەوتوویی و ماڵ وێرانیی لەهەست و عەقڵدا دروست دەکات، ئای چەندە قورس و ناقۆڵایە ژیان کەخاوەنی هەموو شتێک بیت لەسەروەت و سامان و ماڵی دونیا بەڵام عەقڵ بوونی نەبێت . . . !!! .

ئەوە قوربەسەریە بۆ نەتەوەیەک کەهەتا ئێستاو لەم سەردەمی گلۆبالیزم و جیهانگیریەدا خێڵ و عەشایەرو پیاو سالاریی و باوەڕبوون بەکۆمەڵێ کلتوری کۆن و سەقەت کەئەمانەش هۆکاریی دواکەوتن و سەقەتبوونیی کۆمەڵگاو تاکی لێدەکەوێتەوەو دەبێتە هۆکاری ئاڵۆزیی و ناڕەحەتیی ژیان بۆ ئەو کۆمەڵگایە . ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە شتی زۆر سەیرو سەمەرە دەگوزەرێت لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا بۆ نمونە زۆرێک لەنەتەوە بندەست و نەخوێندەوارو دواکەوتوەکانی دنیا بەتایبەت جیهانی سێ و ڕۆژهەڵاتی ناوین بەگشتی کچانیان ناخەنە بەر خوێندن و بەکفرو بەرەڵایی تێدەگەن کەچی کەژنەکانیان نەخۆش دەکەون یان بۆ منداڵ بوون و یان بۆ نەخۆشیی ئافرەتانە بەدوای دکتۆری ژندا دەگەڕێن ئای لەو کارەساتە ڕەشە مرۆڤ و مرۆڤبوونیی و هەست دەوەستیت لەو کاتەدا بۆیە عەقڵ بوونی لەنەبوونی خراپترە ئەگەر بەکار نەهات ئیتر وایە ئەگەر مرۆڤە ژیرەکان دەسەڵاتیان نەما خەمی قوڵ دروست دەبێت هەستی جوانیش تەنها لای مرۆڤی خاوەن هەستە . . . !!!! .

هەمیشە عەقڵ سامانە بۆ مرۆڤەکان بۆیە بەختەوەریی و بەردەوامیی و گەشەو پێشکەوتنیش هەمان سەرچاوەی عەقڵە کەمرۆڤ بەهەوڵ و کۆشش و خوێندنەوەو گوێ گرتن و تاقیکردنەوە بەدەستی دەهێنێت هەندێکجاریش بەڕاهێنان و کەوتن و زەرەر لەژیاندا دەبێتە تاقیکردنەوەو وانەو فێربوون کەئەمەش بەهەمان شێوە سەرچاوەی عەقڵە بۆ خۆشگوزەرانیی مرۆڤەکان لەهەموو شوێنێکی دنیادا .

دێینەوە سەر هەندێک لەو بابەتانەی کەدەبنە سەرچاوە بۆ بەختەوەریی ئەمەو بێجگە لەعەقڵ و مەعریفە کەسەرچاوەیەکی گرنگە هەندێکجار هیوایەک خۆشەویستی یەک عەشقێک یان ئاینێک دەبنە شتێکیی بنەڕەتی بۆ بەختەوەریی و ژیان و بەردەوام بوون بۆ نمونە : ئەو کەسانەی دیندارن یان باوەڕی ئاسمانییان هەیە هیوایەکیان بەدوای مردن هەیە کەدنیایەکی خۆشترو ئاسودەترە بۆ ئەوان ئەمەش دەبێتە جێگەی هیواو بەختەوەریی بۆ مرۆڤە دیندارەکان کەئومێدێکیان هەیە بەژیانێکی خۆشترو نەبڕاوە کەئەو دنیاو بەهەشت و جوانیی و ئومێدە کەئەمە فەنتازیایەکی سروشتیی جوان دروست دەکات لەخەیاڵی مرۆڤە دیندارەکان یان کەسە باوەڕدارەکان .

ئەوەی زیاتر لەژیاندا خۆشبەختیی و هیوا دروست دەکات لەڕۆحی مرۆڤەکاندا خۆشەویستیی و پێکەوە ژیان و هاوڕێ یەتیی و هاوسەریی و کۆمەڵێ پەیوەندی کۆمەڵایەتی جوان دەمانباتەوە بۆ هیوا جوانەکانی خەیاڵ و ئومێدو فەنتازیای جوانیی ژیان بەشێوەیەکی باش و هیوا بەخش بۆیە خۆشەویستیی و هۆگربوون بەشێکن لەمیهرەبانیی کەسە جوانەکان و جوانیی دەبەخشن و پاکیی وەردەگرن سۆزو وەفاو چاکە دابەش دەکەن و ڕێزو خۆشەویستی دەدورنەوە ئەمانەو زۆرشتیتر دەبنە هەوێنی ئومێدو خۆشبەختیی و ئاسودەیی لەژیاندا .

حەمید عەزیز

٢٠١٦/١٢/٠٧

بگەڕێوە بۆ سەرەوە