لویس کارۆل کەڵەنووسەری چیرۆکی منداڵان. . رەزا شوان

16. 12. 11

 

لویس کارۆل، نووسەری چیرۆکی سەرکێشییەکانی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان)

یەکێکە لە نووسەرە بەناوبانگەکانی ئینگلتەرا و جیهان لە بواری چیرۆکی منداڵان.
(لویس کارۆل) نازناوی خوازراوی ئەدەبییەتی، هەر بەم ناوەشەوە چیرۆکەکانی و
نووسینەکانی تری بڵاوکردۆنەتەوە، ناوی راستیی (چـارلز لوتۆیدیگ دۆدسون) ە.

لویس کارۆل لە (٢٧/ یونایەر/ ١٨٣٢) لە دێی (دیرسبۆری) لە شیشیار لە ئینگلتەرا
لە خێزانێکی ئاینی لە دایکبووە، حەوت خوشک و چوار برابوون، لویس منداڵی
سێیەمی خێزانەکەی بوو. . منداڵێکی ژیر و بەهرەمەند و داهێنەر و بزیۆ بوو، کەمێک سەر زمانی دەگرت، گوێیەکی کەربوو، فێ دەگرت، دەمارگرژ بوو، بیرکزبوو، زۆر جار لەبەرخۆیەوە وڕینەی دەکرد و قسەی هەلەق و مەلەقی دەکرد، گەلێ جار شتەکان و گیانەوەرەکانی لە قەوارەی خۆیان گەورەتر یا بچووکتر دەهاتنە خەیاڵی، ئەم راستییەش لە چیرۆکی سەرکێشییەکانی (ئەلیس لە لە وڵاتی عاجباتییەکان) دا رەنگی داوەتەوە، ئاژەڵەکان و باڵندەکان لە قەوارەی خۆیان گەورەترن. لویس هەر لە منداڵییەوە منداڵانی خۆشدەویست و حەزی بەوە دەکرد، کە بە چیرۆک و بە قسەی خۆش دڵخۆشیان بکات.
هەر ئەمەش لای بوو بە هەوێنی حەز و خەیاڵی نووسینی چیرۆک بۆ منداڵان.

لویس کارۆل لە ساڵانی یەکەمی منداڵییدا، لە ماڵەوە فێربوو، لە تەمەنی (١٢) ساڵیدا چووە قوتابخانەی تایبەتی، لە ماتماتیکدا زۆر زیرەک بوو. . لەبەر زیرەکی لەم بوارەدا،
خەڵات کرا، کە لەسەر ئەرکی حکوومەت لە زانکۆدا درێژە بە خوێندنی ماتماتیک بدات. 
لویس کارۆلی، چیرۆکنووس، رۆماننووس، شاعیر، وتارنووس، زانایەکی ماتماتیک، وێنەگرێکی فۆتۆگرافی. . بێجگە لە چیرۆکی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان) دا، چەند رۆمانێکی تریشی نووسیوە، کۆمەڵە شیعرێکی گاڵتەئامێز و شیعری ئاسایشی نووسیوە، چەند دەستنووسێکی دەبارەی ماتماتیک و ئەندازیاری و جەبر هەیە، کە هەندێکیان تائەمڕۆش چاپ نەکراون. . لویس کارۆل، ئارەزوومەندێکی گرتنی وێنەی فۆتۆگرافیش بوو. . بە زۆریش وێنەی منداڵانی گرتووە.

لویس کارۆل لە ساڵی (١٨٥٤) لە کۆلێژی (کریست تشیرش) لە زانکۆی (ئۆکسفۆرد) بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ماتماتیکدا وەرگرت و، هەر لە هەمان کۆلیژدا بوو بە مامۆستای وانەبێژی ماتماتیک، زۆربەی ژیانی لەم پیشەیەدا بەسەربرد.

لویس کارۆل چۆن چیرۆکی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان)ی نووسی؟

لە رۆژی(٤/ یولی/ ١٨٦٢) لویس کارۆل لە گەڵ هەرسێ کچەکەی رازگری کۆلێژەکەی (کریست جۆرج هێنری لیدڵ) کە ناویای کچەکانی (رینا:١٣ساڵ) و(ئەلیس:١٠ساڵ) و
(ئیدیس:٨ساڵ) بوون. . هەموویان سواری بەلەمێک بوون و چایان دەخواردەوە و لە رووباری (تایمز)دا گەشتیان دەکرد، ئەلیس داوای لێکرد کە چیرۆکێکیان بۆ بگێڕێتەوە، لویس کارۆل کوتوپڕ بیرۆکەی چیرۆکێکی ئەندێشەیی بۆ هات، هەر (ئەلیس) شی کرد بە پاڵەوانی چیرۆکەکەی. ئەلیس داوای ئەوەشی لێکرد کە چیرۆکەکەی بۆ بنووسێتەوە.

لویس کارۆل، داواکەی ئەلیسی هێنایەدی، دوای گۆڕانکاری و زیادخستنەسەری، چیرۆکەکەی نووسییەوە و هەر خۆشی کۆمەڵێک وێنەی بۆ کێشان، لە پێشا کتێبەکەی لە ژێر ناوی ( سەرکێشییەکانی ئەلیس لەژیر زەوی) دا بوو. . لە ساڵی (١٨٦٤) دا لەجەژنی(١٢) مینی لە دایکبوونی ئەلیس، کتێبە دەسنووسەکەی پێشکەش بە ئەلیس کرد. . دواتر ناوی کتێبەکەی گۆڕی بە سەرکێشییەکانی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان)
لە ساڵی (١٨٦٥)دا سەرکێشییەکانی ( ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان) دا، بۆ یەکەمین جار چاپکرا. . تا ئەمڕۆ زیاتر لە سەد جار ئەم کتێبە بە زمانی ئینگلیزی چاپکراوەتەوە، ئەم کتێبە بوو بە یەکەمین کتێبی چیرۆکی منداڵان لە ئینگلتەرادا و، چیرۆکی ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان بوو بە وێردی سەر زاری منداڵ و گەورەکان لەو وڵاتەدا، لە ساڵی (١٩٣٢)دا ئەم کتێبە بوو بە یەکێک لە بە ناوبانگترین کتێبی چیرۆک بۆ منداڵان لە جیهاندا، یەکێکیشە لەو کتێبانەی کە زۆرترین ژمارەی لێفرۆشراوە. . تا ئەمڕۆ ئەم کتێبە وەریان گێڕاوە بۆ زیاتر لە هەشتا زمانی جیهانی. . کراوە بە فیلمی کارتۆن و بە فیلمی سینەمایی و بە چەندین زمانی جیهانی دۆبلاج کراوە. . بە شێوەیەکی ئاسانتریش داڕێژراوە و بە شانۆگەری و شانۆی بووکەڵەش، بە زمانە جیاوازەکان نمایش کراوە.
ناوبانگ دەرکردنی چیرۆکی سەرکێشییەکانی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان) بوو بە هاندەر بۆ لویس کارۆل. ئەوەبوو کە دەستی کرد بە نووسینی بەرگی دووەمی لەژێر ناوی (روانین لە میانەی ئاوێنەوە) یا ( روانین لە میانەی شووشەوە). کە لە ساڵی (١٨٧١) دا ئەم کتێبەشی چاپکرد. . رۆمانێکیشی لەژیر ناوی( چەنەبازی) دا چاپکرد.

ئەلیس کێیە؟
(ئەلیس هێنری جۆرج لیدڵ) کەسێتییەکی راستییە، کچۆڵەیەکی گەنم رەنگی (١٢) ساڵان بوو، کچی عەمیدی کۆلێژی( کوست تشیریش) بوو، زۆر خۆی دەبردە پێشەوە و، خۆی لای لویس کارۆل شیرین کردبوو. (ئەلیس لیدڵ) لەو چیرۆکە کلاسیکییە بێ وێنە و بێ دیالۆگانە بێزارببوو، کە دایکی بۆی دەگێڕانەوە یا دەخوێندنەوە. . بێزاری ئەلیس، بوو بە هەوێنی بیرکردنەوە و خەیاڵی لویس کارۆل، ئەم بیرکردنەوەیەش لەو چیرۆکەدا بەرجەستەبوو، کە ئەلیسی کرد بە پاڵەوانی چیرۆکێکی ئەندێشەیی فەلسەفی و لەژێر ناوی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان)دا دایڕشت. . چیرۆکەکەش بەوە دەست پێدەکا:

ئەلیس خەریکی گوڵ چنین بوو، بۆ ئەوەی تاجەگوڵینەیەک دروست بکات و بیخاتە سەری، لەم کاتەدا کەروێشکێکی گەورەی چاومێخەکی، بەروانکەیەکی لە بەردابوو، کاتژمێرێکی لە گیرفان دەرهێنا و سەیری کرد و بەرەو کونەکەی رایکرد. . ئەلیس لە دیمەنی کەروێشکەکە سەرسام بوو، چونکە پێشتر کەروێشکی وای گەورە و سەیری نەبینیبوو. . یەکسەر بە دوایدا رایکرد و کەوتە ناو لانە گەورەکەی کەروێشکەکەوە. . کە هەستایەوە لە جیهانێکی خەیاڵیی عاجباتیدا خۆی دۆزییەوە، گوڵ و ئاژەڵ و باڵدەکان لە قەوارەی ئاسایی گەورەتربوون وەک مرۆڤیش دەدوان، هەموو شتەکانیش جیاوازبوون.

ئەم چیرۆکە بە چەندین سەرکێشیدا تێدەپەڕێت. . ئەوە دەردەخات کە ئەوەی لە خەیاڵدان لە راستیدانین. . ئەلیس لەم وڵاتەدا دەڕوا و دەگەڕێ و دەڕوانێت، شتی عاجباتی دەبینێت (داوەڵێک و شێرێک و پیاوێکی ئاسن) دەبینێت. . هەموویان پێکەوە دەچن بۆ لای جادووگەرێک، بۆ ئەوی یارمەتییان بدات. . شێرەکە ئازایی دەویست، پیاوە ئاسنەکە دڵی دەویست، داوەڵەکە هۆشی دەویست، بەڵام ئەلیس گەڕانەوەی بۆ ماڵی خۆیان دەویست.

جیاوازی چیرۆکی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان):
لویس کارۆل ئیلهامی لە ئارەزووی ئەلیس و لە خودی منداڵانی ترەوە وەرگرت، کە لە چیرۆکی کلاسیکی ئامۆژگاری و پەند و تەلقین ئاسایی بێزاببوون چونکە تەنها جەختیان لەسەر رەوشت و گوێدێری و ڕێنمایی گەورەکان دەکردنەوە، یا لە یاسا و لە نەریتە باوە کۆمەڵەەتییەکان لانەدەن. . خواست و خەون و ئارەزووەکانی منداڵانیان بە لاوە نابوون.

سەرکێشییەکانی(ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان) چیرۆکێکی فەلسەفی و فەنتازییە، ئەم چیرۆکە خاڵێکی وەرچەرخانە لە ئەدەبی منداڵاندا، لویس کارۆل کودەتایەکی بەسەر ئەو رێباز و شێوازە کلاسیکییە چەقبستووانەدا کرد، کە منداڵان لێیان وەرست و بێزاربوون. لویس کارۆڵ جورە چیرۆکێکی جیاواز و دژەباوی نووسی، لە میانەی ئەلیسی بچکۆلەی پاڵەوانی چیرۆکەکەوە. . ئەندێشە و شادی بەسەر بازوودا سەرکەوتن. . ئەم چیرۆکە متمانە و ئازادی و ئازایی بە منداڵان دەبەخشێت، کە خۆیان رووبەڕووی ئەو کێشانە ببنەوە کە دێنە رێیان، پێویستە خۆیان چارەسەر و رێگەی سەرکەوتنیان بدۆزنەوە.
ئەلیس منداڵێکی ئاساییە و هیچ توانایەی بەدەری نییە. . بەڵام لە رووبەڕووبوونەوە ناترسێت، ئەوەش رەتدەکاتەوە کە پێبەندبێت بە یاسای کەسانی تر، بە تایبەتیش گەورەکان، یا ئەوانەی لەو زەبەلاحتر و بە دەسەڵاترن.

لویس کارۆل لە ڕێی ئەم شاکارە ئەدەبییە جیهانییەی بۆ منداڵان، ناوبانگی دەرکرد.
ئەمساڵ (١٥١) ساڵ بەسەر چاپکردنی ( ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان )دا تێپەڕی، بەڵام تا ئەمڕۆش، چێژ و خۆشیی ئەم چیرۆکە کاڵ نەبۆتەوە، منداڵان بە پەرۆشەوە گوێی لێدەگرن یا دەیخوێننەوە، یا بە فیلمی کارتۆن و سینەمایی و شانۆ دەیبینن.

لویس کارۆل، پێش جەژنی (شەست و شەش) ساڵەی لە دایکبوونی، تووشی نەخۆشی ئەنفلۆنزایەکی قورس دەبێت، سییەکانی دەگرێتە و بریندار دەبن. . هەر بەم نەخۆشییە لە
(٤/ یونایەر/ ١٨٩٨) دا کۆچی دوایی کرد.

 رەزا شوان
 نەرویج: ٢٠١٦


بگەڕێوە بۆ سەرەوە