ئافرۆدێت ... کەژاڵ عەلی (2)

16. 12. 15

لاوەندی من

بەر لەوەی بێیە بەردەمم

بەر لەوەی بەناو وەجاخی كازیوەدا

جڵەوی خۆر بگری و

تفاقی دڵی من بخەی.

وەك دڵبەرێكی دڵپەوەر

ئازایەتیت یەكلا كەوە،

سێبەرەكەت بكە بەقوفڵی هەتاوداو

قارەمانیت بێنە سەر ڕێم.

سەری هەموو كۆڵانەكانی عیشقم لێبێنەوە یەكam

ڕووحـم بكە بەهەزار پارچەی سڤارۆفسكییەوە*.

وەك بابایەكی باب مردە

بابان وێرانم كە بەخۆت

با ڕێ نەبەمەوە سەرخۆم جارێكی كە.

وەرە بەرامبەرم بەوە

وەك تیرهاوێژێكی عاشق،

لەجیاتی تیرێكی ژەهراوی؛

ماچێكی ئازادیم تێگرە

لەجێی جفرەیەكی خوێنین؛

مەسجێكی ئەویندارم لەگەڵ بگۆڕەوە.

لەبری خەیاڵێكی وێران؛

خەونێكی ئاوەدانم پێوە ببینە.

لەبری كڵاوەیەكی ئەتۆمی؛

كڵاڕۆژنەیەكی ئارامــم بەسەردا بكەوە.

لەبری پیلانێكی دڵڕەش؛

جڤاتێكی دڵبەخوێنم، بۆ ببەستە.

لەبری جەنجەرێكی ژەنگاوی؛

قەڵایەكی ئارام لە پشـتم قایم كە.

وەك سەربازێكی هەڵاتوو

خۆت بخە پەنای ژنێتیم.

هەموو ئاماژەكانی مییەتیم بپشكنە.

دەست بخە سەر قووڵترین برینی مێژووم

دوایەمین كۆدی كچێنیم بدۆزەوە

ئاخرین خاڵی خەبات و بەرخۆدانم،

بكە بەهیوا و ئامانج.

با هێڵە گەرمەكانی تەماست،

بۆ پڕ كەم لە سروەی عیشق.

قۆڵە گۆشتنەكانی شەڕگەت

بۆ ڕووت كەمەوە لە خەبات.

شاگەشكەت كەم بەهێشووی كچێنیم

هەموو سەركەوتنە سوورەكانمت،

پێ بدۆڕێنم.

وەرە

لەعاشقڤانێكی شۆرشگێرەوە

بمكەوە بەشۆرشڤانێكی عاشق

لەخاتووزینكی تەڤگەرەوە

بمكەوە بەتەڤگەرێكی خاتووزین.

لەمارشێكی تووندڕەوەوە

بمكەوە بەمیلۆدێیەكی حەزین

بە گۆرانییەكی غەمگین.

بمبەوە بەهەشتەكانی لەگەڵ تۆ بوون

بمكەوە بەئەفرۆدێتەكەی خۆت،

بەنێفەرتیتییەكەی سەر تەختی ژنێتی.

کەژاڵ عەلی

تێبینی:

سڤارۆڤسكی: بەردێكی گرانبەهای هاوشێوەی ئەلماسەوهەر لەویش دەچێ

بگەڕێوە بۆ سەرەوە