داهاتی نەوت و موچە! ... شێرزاد وڵاتدۆست

16. 12. 27

لەگەڵ تیپەڕ کردنی چەند ساڵی پڕ قەیران و هاتنی ساڵی نوێ، هاوڵاتیان هەر لە چاوەڕێی تێپەڕاندنی باردۆخی پڕ قەیراناوی هەرێمی کوردستانن، کە لە ئەنجامی خراپ بەڕێوەبردن و قۆرخکردنی دەسەڵات و گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان هاتوونەتە ئاراوە، لێ لەگەڵ تێپەرینی کات ئەم هیوا و ئومێدەواریە ڕوو لە کزبوون و نەمان دەچێت، چونکە زۆرینەی هاوڵاتیان لەوە دڵنیا بوون لە ژێر هەژموون و سێبەری دەسەڵاتێك کە خۆی بەرپرسی هەموو قەیرانەکانە ڕێگا بۆ دەربازبوون لەم قەیرانگەلە نزیکە لە ئەستەم!

 دەستپێکردنی هەناردەکردنی نەوت لەلایان حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی رابردوو گەرچی ئەوکاتە بە خاڵێکی وەرچەرخان و گرنگ دادەنرا بۆ دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبری کورد لە دەوڵاتی عێراقدا و بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرا بۆ باشترکردنی باری دارایی هاوڵاتیان و هەنگاونان بەرەو ئابوریەکی سەربەخۆ و نزیک بوونەوە لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کورد لە باشوری کوردستان، بەڵام ڕێک ئەم خەون و خەیاڵەی بریقەدارەی هەبوو پێچەوانەکەی بەدیهات کە ڕۆژگاری ئەمڕۆ بە چاوی خۆمان دەیبینین .

 لەگەڵ ڕاگەیاندنی بەدواداگەڕان و دەرهێنانی نەوت لەهەرێمی کوردستان هەرزوو کۆمپانیا بچوک و زەبەلەحاکانی بواری نەوت لە هەموو جیهان بۆنی ئەم پاروە چەورەیان کرد و دڵنیابوون بەوەبەرهێنانی نەوت لە ژێر دەسەڵاتێکی خەرق بوو لە گەندەڵی دەهاتێکی زۆریان بۆ دەستەبەردەکات بە تێچو و ماوەیەکی کەم، هەر زوو کەوتنە دەستێکەڵاو کردن لەگەڵ بەرپرسانی دوو حزبی دەسەڵاتداری ئەم هەرێمە و پێدانی بەرتیل(شرینی نەوت) بەمەبەستی هەرچی زیاتری دەستکەوتنی بلۆکی مەزنتری نەوت لە هەر سێ پارێرێزگای هەرێمی کوردستان، بۆیە کەوتنە خۆیان بۆ ئامادەکردنی گرێبەستگەلێک کە زۆرتین قازانج و بەرژەوەندی بۆ خۆیان مسۆگەر بکات و کەمترین داهاتیش بۆ حکومەت دەستەبەر بکات، لەبەر وەگرتنی بەرتیل(شیرنی نەوت) و دڵنیابوون لە هاوبەشیان لە بەشێکی قازانجی ئەو کۆمپانیایەنە هەرزوو بەرپرسانی حزبی و حکومی کوێرانە کەوتنە ئیمزاکردن یەکە بەیەکەی ئەو ڕێکەوتنامە نەوتیانەی، کە باردۆخێکی پر قیراناوی وەک ئەم ڕۆی لێ بەرهەمهات.

 لێ بۆ فرۆشتن و ساغکردنەوە ئەم نەوتە لە بازاڕی جیهانی بە شێوەیەک کەس نەزانێت چەندە و بەچەند دەفرۆشێت بیریان لە ڕێگایەک کردەوە کەم زامنی ئەوەبێت، هەربۆیە هەڵستان بەڕاکێشانی بۆری نەوتی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جیهانی تورکیا، کە هەمیسان کەوتنە ژێرباری رێکەوتنێکی (50) ساڵی لەگەڵ دەوڵەتێکی داگیرکەری وەک تورکیا، بەجۆرێک زۆرتیرن دەستەبەری ئابووری بۆ ئەو وڵاتە و چەند بەرپرسێکی هەرێمی تێدابێت و داهاتێکی زۆری فرۆشراوی نەوەت لەمەشدا وونببێت.

 لێرەدا ئەوەی گرنگە ئەوە بخەیەنە ڕوو ئاخۆ لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێ و گۆڕینی باردۆخی ناوچەکە و بەرزتر بوونەوەی نرخی نەوت لە بازاری جیهانی بە هۆی ڕێکەوتنی وڵاتانی ئەندام لە (ئۆپیک) لە سەر کەمترکردنەوەی بەرهەمهێنان، چ کاریگەریەیەکی ئەرێنی دەبێت لەسەر زیاتر بوونی داهاتی فرۆشراوی نەوتی هەرێم یان دەبێ لە ئێستاوە ئەو ڕاستیە قبوڵ بکەین کە خوودی وەزیری سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێم درکاندی، کە وتی نرخی بەرمیلی نەوت بگاتە 1 ملیۆن دۆلاریش قەیرانی دارایی چارەسەر نابێت، بێگومان جەنابی زۆر ڕاستی فەرموو، چونکە بەس خۆیی و دارودەستەکەی باش دەزانن داهاتی فرۆشراوی نەوت بۆ کوێ دەچێت و چۆن کێڵگە نەوتیەکانی ئەم هەرێمە هەرزان فرۆشکراون .

 ئەگەر تەنیا حسابێکی سادە بکەین بۆ ڕێژەی فرۆش و ئەو داهاتەی بەدەستهاتوو تەنیا لە ڕێی فرۆشی نەوتەوە لە ڕێگای بۆری هەرێم - تورکیا ئەوا ڕوون دەبێتەوە، کە داهاتێکی زۆر و زەوەند بەدەست دێت و بەشی موچەی فەرمانبەران دەکات لەگەڵ داهاتاکانی تری هەرێم، وەک زانراوە هەرێم لە ئێستادا ڕۆژانە سەررو (600) هەزار بەرمیل نەوتی خاو تەنیا لەڕێی بۆریەوە هەناردەی بەندەری جیهانی تورکیا دەکات، ئەگەر لە ڕۆژێک ئەم بڕە بەرهەمبێت بە لێکدانی 30 ڕۆژ و لێکدانی 45 دۆلار بۆ هەر بەرمیلیک، ئەوا (810) ملیۆن دۆلار دەردەچێت بۆ تەنها مانگێک، هەرچەندە خەریکە ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ڕێژەیەکی زۆری ئەم داهاتە دەڕوات بۆ کۆمپانیاکان و نەوتی هەرێم بەنرخێکی کەم هەرزان فرۆش دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە داهاتێکی زۆرە و دەکرێت بە ئاسانی لەگەڵ داهاتەکانی وەک نەوتی فرۆشراوی بە تانکەر و داهاتی خاڵە سنوریەکان و داهاتی تری ناوخۆیی هەرێم لە قەیرانی دارایی ڕزگار بکرێت، بەڵام بێگومان گەڕاندنەوەی جارێکی ترئەو داهاتە بۆ هاوڵاتیان لە بەرژەوەندی ئەو کەسانەدا نیە کە دەستیان بەسەر هەناردەکردن و فرۆشتی نەوت لە هەرێم داگرتووە، چونکە لەڕێگایەوە داهاتێک یەکجار زۆر بۆ خۆیان و حزب و دارودەستەکایان فاراهم بووە و ڕۆژانە خەریکی پڕکردنی حساب بانەکیەکانیانن لە وڵاتانی تر و بەردەوام خەریکی بنیادنانی تەلار و کۆمپانیا و دەزگای میدیایی مەزنترن بە داهاتی نەوت، هەروەها بەشێکی ئەو داهاتەشیان تەرخانکردووە بۆ دەوڵەمەندکردنی دارودەستەکەیان و دەمچەورکردنی ئەو کەسانەی کە هەردەم لە تیڤی و ڕۆژنامەکان خەریکی پیاداهەڵدان و ماستاوکردنن بۆیان. 

بگەڕێوە بۆ سەرەوە