پارۆنامەی روداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان تا کۆتایی 2016 ... وریا مامڵێسی (2)

17. 01. 27

لە سەرەتای سەرھەڵدانەکانی سوریاوە کوردی ڕۆژئاوا لە ئاکامی کاریگەریی پارتی یەکێتی دیمۆکرات PYD ھێڵێکی سیاسی تایبەت بە خۆی ھەڵبژارد کە خۆبەدورخستن بوو لە ئاژاوەو کاولکاریی نێوان نەیارانی ڕژێم و ھێزەکانی ڕژێم. ئاکامی ئەم سیاسەتە پاراستنی ناوچە کوردنشینەکان بوو لە کوشتن و کاولکاریی. بە بێ ھیچ سۆز و لایەنگیرییەک، بە بێ ھیچ چەواشەکاریی و درۆودەلەسەیەک ھەموو لایەک تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان ئاکامی ئەو سیاسەتە دەبینێت کە سەرکەوت و بووە لە پاراستنی ژیانی مرۆڤی کورد و وێراننەکردنی شار و گوندی کوردان. گرنترین کاری PYD لەم ماوەیەدا ڕێکخستنی کۆمەڵگا بوولە ھەموو ڕویەکەوە، بە تایبەتی ئەو ڕێکخستنانەی کە پەیوەندی بە پاراستن و ئاسایشەوە ھەیە چونکە ھەروەک دەزانین ئاژاوە و شەڕی نێوان گروپە نەیارەکانی نێو کۆمەڵگەیەک گەورەترین کارەساتە کە گیرۆدەی جەستەی کۆمەڵگە دەبێت، شەڕی ناوخۆ کۆمەڵگە ئفلیج دەکات، شار و گوند ژێروژەبەن دەکات، دەوڵەت و کۆمەڵگە ھەرەس دەھێنێت و بە ملوێنان مرۆڤ ماڵکاولو دەربەدر دەبێت، شتێک نامێنێت ناوی سیستەمی لێ بنێرنێت، زۆر لە دەسەڵات و حوکمی دیکتاتۆرێک بە ئازارتر و کاولکەرترە، چونکە دیکتاتۆر سیستێمێکە. ھەڵبەت لێرەدا مەبەست بەرگریکردن نیە لە سیستەمی دیکتاتۆر بەڵکو بەراوردکردنێکە لە نێوان دوو بژاردەی خراپ و خراپتر.

وە بیری خوێنەری دەھێنمەوە کاتێک ھێزەکانی ڕژێمی سوری لە ئاکامی دژواری ململانێێ نێوان ڕژێمی ئەسەد و نەیارەکانی لە شارە گەورەکانی وەکو حەڵەب و دیمەشق بەشێکی زۆری سوپاکەی لە چەند شار و شارۆچکەیەکی ڕۆژئاوای کوردستان کشانەوە. ھەر زوو بە زوو ھێزەکانی ڕێکخراوی PYD جێگەی ئەو ھێزانەیان گرتەوە و ڕێگەیان نەدا چەتە ئیسلامییەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک سوود لەو بۆشایی دەسەڵاتە وەربگرن و بیکەنە مەیدانی شەڕ و ئاژاوە و کاولکاریی.

لە سەرەتای چالاکی چەکداریی نەیارانی ڕژێم ھێشتا گروپە ئیسلامییەکان بە ناوی سوپای ئازادی سوریا کاریان دەکرد و لە لایەن دەوڵەتی تورک و شێخەکانی خەلیج کۆمەکی مادی دەکران و وڵاتانی ڕۆژئاواش چەک و پێداویستی سەربازییان بۆ دەناردن. حەزدەکەم لێرەدا خاڵێکی زۆر سەرنجڕاکێش بۆ خوێنەری بەڕێز ڕاکێشم. لە مانگی ھەشتی واتە ئۆگەستی ساڵی 2012 خانمی ھیللەری کلینتۆن کە ئەو کات وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بوو لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەیی ھاوبەش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی تورکیا داودئۆغلۆ وتی ئێمە واتە ئەمەریکا ڕێگا نادەین سوریا پاش نەمانی دەسەڵاتی ئەسەد ببێت بە گۆڕەپانی ڕێکخراوی تێرۆرستی PPK و ھەڕەشە لە تورکیای ھاوپەیمانمان بکات. ئەو خانمە لەو کاتەدا مەبەستی یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG بوو کە تازە بە تازە ھاتبوە مەیدان و دەستی بەسەر ئەو شارە کوردییانەدا گرتبوو کە ڕژێم پاشەکشەی تێدا کردبوو یاخود دەسەڵاتی تێدا نەمابوو. ھەر خودی ئەو خانمە پاش چەند ساڵێک داوای دەکرد کە ئەمەریکا کۆمەکی YPG بکات تەنانەت لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکانی بۆ سەرۆکی ئەمەریکا چەند جار ئەوەی دووپات دەکردەوە کە ببێت بە سەرۆک کۆمەکی کورد دەکات لە سوریا.

یەکەم ھەوڵی دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی ڕۆژئاوای کوردستان بکات بە گۆڕەپانی شەڕی نێوان گروپە ئیسلامییەکان و ھێزەکانی ڕژێم لە شاری سەریکانییەوە دەستی پێکرد بە ھێرشی گروپێکی ئیسلامی کە لە خاکی تورکیاوە دزەیان کرد و توانیان ناوەندی شار و بارەگا ئەمنییەکانی ڕژێم بگرن و کۆمەڵێک چەکداری ڕژێم بکوژن، ڕژێمیش بە ھێرشی ئاسمانی وەڵامی ئەو ھێرشەی دایەوە و شارەکەی بۆردمان کرد کە لە ئاکامدا کۆمەڵێک خەڵکی مەدەنی بوون بەقوربانی و بەشێک لە شار کاول بوو و خەڵکەکەی دەربەدەر بوون. ئەم پەلامارە زەنگێک بوو بۆ کوردانی ڕۆژئاوا کە دەوڵەتی تورک دەخوازێت شەڕ و ئاژاوە لە ناوچەکانیان ھەڵگیرسێنێ. بێگومان گەر YPG و ڕێکخراوەکانی سەر بە PYD نەبوونایە دەوڵەتی تورک بە ئاسانی دەیتوانی ئاژاوە و کاولکاریی بخاتە ناوچە کوردییەکانەوە. بەڵام YPG ھەر زوو دەرکی بەو پیلانگێڕییەی دەوڵەتی تورک کرد و گروپە ێیسلامییەکانی لە شاری سەریکانی وەدەر ناو دەستی گرت بەسەر بەشێکی زۆری ناوچە کوردنشینەکانی تردا. ئەم ھەڵسوکەوتەی YPG بوو بە سەرەتایەک بۆ ناکۆکی نێوان YPG و چەکدارانی ئۆپۆزیسۆن. درۆ و چەواشەکاریی دەوڵەتی تورک و ئۆپۆزیسۆنی دانیشتوی ئەستەنبوڵ و کوردی نۆکەری دەوڵەتی تورک دەستی پێکرد دژی YPG کە بەردەوام تاوانباریان دەکرد بە میلیشیای سەر بە ڕژێم و بەرگریکاری ڕژێمی ئەسەد. وەکو کوردێک لات سەیر نیە کە دەوڵەتی تورک و ڕاگەیاندنەکانی بە لێشاو بارانی درۆ ببارێنن لە مەڕ YPG، ھەر دیسان سەیر نییە کە زوڕنا ژەنی شێخەکانی قەتەر ئەلجەزیرە ھەمان چەواشەکاریی بکات، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە لایەنی کوردی و ڕاگەیاندنی کوردی بکەوێتە ئەم بەرەیەی چەواشەکاریی و دژایەتی کوردان.

بە دەرکەوتنی داعش و گروپە ئیسلامییە ڕادیکالەکانی ترکە ڕۆڵی سەرەکیان لە شەڕی چەکداری سوریادا ھەبوە و ھەیە زۆرێک لە ھاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە گۆڕا. ئەمەریکا گەلێک ھەوڵی دا کە گروپێک لە ئۆپۆزیسیۆنی میانڕەوی دەرەوەی ئیسلامییە توندڕەوەکان پەیدا بکات و لە ڕوی سەربازییەوە ڕاھێنانیان پێ بکات بۆ شەڕی داعش بەڵام پاش چەند ھەوڵێک گشت بەرنامەکانی ئەمەریکا شکستی ھێنا و ھەموو ئەو گروپانەی ئەمەریکا ڕاھێنانی پێ دەکردن پاش ھاتنەوەیان بۆ ناو خاکی سوریا یا تەسلیمی داعش و ھاوشێوەکانی دەبوون یاخود بۆخۆیان پەرشوبڵاوەیان لێ دەکرد. مەترسی داعش لە سوریا و عێراق ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیاد بووندا بوو، لە ئاکامی نەبوونی ھێزێکی کاریگەر لە عێراق و سوریا، داعشی کردە دەسەڵاتداری ناوچەیەکی فراوان، پەلاماری ھەر ناوچەیەکی دەدا بە ئاسانی کۆنتڕۆلی دەکرد ھەروەک لە موسڵ و شەنگال بینیمان چۆن سوپای عێراق و پێشمەرگەکانی پارتی ھەڵاتن بێ بەرگرییەکی ئەوتۆ.

خاڵی وەرچەرخان لە سیاسەتی ئەمەریکا بەرانبەر YPG لە ڕووداوەکانی شاری کۆبانییەوە دەستی پێکرد. کوبانی و گوندەکانی دەوروبەری لە بەری باشور و ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاواوە لە لایەن ھێزەکانی داعشەوە گەمارۆ درابوو، لە باکوریشەوە کوبانی سنوری بە سنوری تورکیاوەیە، واتە کوبانی لە ھەموو لاوە دوژمن دەوری دابوو. داعش بە ھێزێکی زۆرەوە و بەو چەکانەی لە شارێکی وەک موسڵ دەستی کەوتبوو، لە ھەموو لایەکەوە پەلاماری کوبانی دا، لەگەڵ دۆخی گەمارۆدراوی کۆبانی کە خۆی لە خۆیدا زەحمەتییەکی زۆر دەھێنێت لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا، سوک چەکی و کەم چەکی ھێزە کوردییەکە، لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا یەکینەکانی پاراستنی گەل بەرگرییەکی قارەمانانەیان کرد، داعش پێیی وابوو بە ئاسانی کوبانی دەگرێت ھەروەک موسڵ و شەنگال و ناوچەکانی تر. لە ڕاستیدا زۆر لایەن مەسەلەکەیان بڕانبۆوە بە کەوتنی کوبانی لە ماوەیەکی کورتدا بە تایبەتی دەوڵەتی تورک و میدیاکانی، ڕاگەیاندنە شۆفێنەکانی جەمسەری عەرەبی سونە لەگەڵ ڕاگەیاندنە کوردییەکانی باشوری سەر بە دەوڵەتی تورک. جیھان بینی YPG سەربازی عێراقی و پێشمەرگەی پارتی نییە. کاتێک بەرگری YPG درێژەی کێشا و کۆبانی لە چەند ڕۆژێکدا نەکەوت ئاکامەکەی ئەوە بوو ڕوداوەکانی کۆبانی پتر سەرنجی میدیا جیھانییەکانی ڕاکێشا و ئەمەش بێگومان فاکتەرێک بوو بۆ ئەوەی ئەمەریکییەکان بێنە مەیدان و پشتیوانی YPG بکەن. تەنانەت کار گەیشتە ڕادەیەک ئەمەریکییەکان لە ڕێگەی ئاسمانەوە کۆمەکی چەکیان بە ھێزەکانی YPG گەیاند، ھەرچەند ناڕەزایی زۆری دەوڵەتی تورکی لێ کەوتەوە. ھەر ئەو کۆمەکەی ئەمەریکییەکان بوو کە دەوڵەتی تورکی ناچار کرد ڕێگە بە پێشمەرگە بدات بە چەکی قورسەوە بچنە کۆبانی و پشتیوانی YPG بکەن. چونی پێشمەرگە فێڵێکی دەوڵەتی تورک بوو بۆ ئەوەی ئەمەریکییەکان بوەستێنن لە پێدانی چەک بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە YPG. ئەمەریکا توانای ئەوەی ھەیە کە چەکی قورس لە ڕێگەی ئاسمانییەوە بگەیەنێتە ھەر شوێنێک مەبەستی بێت. ھەروەک بینیمان دوای سەرکەوتنەکانی کۆبانی ئەمەریکییەکان زیاتر پشتیوانی YPG دەکەن و لە دەمی بەرپرسە گەورەکانیانەوە چەند جار دووبارەیان کردۆتەوە کە YPG تاکە ھێزی ھاوپەیمانیانە لە سەر زەوی کە زۆر کاریگەرانە بەرەنگاری داعش دەبنەوە و زۆر ناوچەشیان لە داعش پاک کردۆتەوە. گەر YPG ھێندە تۆکمە و کاریگەر نەبوایە ھەرگیز ئەمەریکا پشتیوانی نەدەکرد، چونکە ئەم هەڵوێستەی ئەمەریکا دەوڵەتی تورکی نیگەران کردوە، کە دەزانین دەوڵەتی تورک ئەندامی ناتۆ و ھاوپەیمانێکی ستراتیجی ئەمەریکایە لە ناوچەکە. پشتیوانی ئەمەریکا لە YPG گرفتی زۆری بۆ پێوەندێکانی لەگەڵ تورکیا دروست کردوە کە دەبێ بزانین ئەمەریکا ھەروا بە ئاسانی ئامادە نیە گرفت بۆ پێوەندێکانی لەگەڵ ھاوپەیمانێکی ستراتیجی وەک تورکیا دروست بکات، ھەر بۆیە پشتیوانی کردنی YPGوەک پشتیوانی کردنی پێشمەرگە نییە.

گرتنی گرێ سپی لە لایەن YPG وە و لکاندنی ھەردو کانتۆنی جەزیرە و کۆبانی تورکیای زیاتر نیگەران کرد. دامەزراندنی ھێزی سوریای دیموکرات کە YPG کۆڵەکەی سەرەکی ئەو ھێزەیە، پاشان گرتنی شاری مەنبەج بە تەواوی سەرانی دەوڵەتی تورکی شڵەژان. بەردەوام ھەڕەشەیان لە YPG دەکرد. تورکەکان ئەو ڕاستییەیان چاک دەزانی کە ئامانجی سەرەکی ئەمەریکییەکان بێھێز کردن و لە ناوبردنی داعشە جا ھەر کەسێک ئەو کارە بکات ئەمەریکا پشتیوانی لێ دەکات، خۆ ئەمەریکییەکان زۆر لە سەرەتاوە ھەوڵیان دا لە ڕێگەی گروپەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک شەڕی داعش بکەن بەڵام چونکە ئەو گروپانە ھەر ھەموویان ئیسلامین و ھەندێکیشیان ژێر بە ژێر لەگەڵ داعشدا لە یەک بەرەن و تا ڕادەیەک یەک ئایدۆلۆجیایان ھەیە بۆیە بەرنامە و ھەوڵەکانی ئەمەریکا سەری نەدەگرت. تورکەکان بێ ھیوا بوون لە ئەمریکا ئەو ڕاستیەشیان باش دەزانی کە بێ ڕەزامەندی ڕوسیا ناتوانن ڕاستەوخۆ ھێزی سەربازییان بنێرنە ناو خاکی سوریا ھەر ئەمەش بوو وای لە سوڵتانەکەی تورکیا ئەردوگان کرد لە دەرگای قەیسەرەکەی روسیا پوتین بدات و پاش عوزرھێنانەوە و داوای لێبوردن کردن لە خستنە خوارەوەی فڕۆکە روسییەکە جەنابی سوڵتان لە تەنیشت قیسەروە دابنیشێت و زوو زووش بە ھاوڕێی خۆشەویست لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە ھاوبەشەکەیان بانگی بکات.

لە ئاکامی سەرکەوتنەکانی YPG تورکیا ناچار بوو سیاسەتی خۆی لە مەڕ سوریا بە پلەی 180 بگۆڕێت، ئێستا ئامانجی یەکەمی تورکیا دژایەتی کردنی کوردانی ڕۆژئاواو دامودەستگاکانیەتی. بەردەوام ئەو قەوانە لێدەدەنەوە کە YPG و PYD تێرۆریستن و بەشێکن لە PKK. خوا ھەڵناگرێ بۆ لێدانەوەی ئەم قەوانە بە کوردی تۆڕی میدیای ڕوداو ھیچ کەمتەرخەمییەکی نەکردوە، ئەو خوێنەرەی سەیری ماڵپەڕی ڕوداو بکات لانی کەم ھەفتەی چەند جارێک بەرپرسەکانی تورک لە ڕێگەی ئەو میدیا کوردییەوە بیرمان دەخەنەوە کە YPG ـە PKK یەو ھەردوکیشیان تێرۆریستن. لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی سکای نیوسی عەرەبی مەسعود بارزانیش بۆ پشتیوانی کردنی ڕای تورکان ھاتە سەر خەت و فەرمووی ئەمەریکا باش دەزانێت کە جیاوازی نیە لە نێوان PYD و PKK. خوێنەری بەڕێز تۆ دیقەت بە لەم دنیا دواکەوتوە و سەرلێشێواوەی کوردەواری، سیاسەتمەدارێکی ناوداری کورد کە ماوەی پتر لە پەنجا شەست ساڵێک زیاترە گەنجی کورد بە کوشت دەدات بە ئامانجی ڕزگار کردنی کوردان کەچی ئێستا دنەی زلھێزێکی دنیا دەدات دەست ھەڵگرێت لە کۆمەکی برا کوردەکانی کە شەڕی داعشێک دەکەن ھێندەی نەمابوو ھەر ئەو داعشە کورسی و دەسەڵاتە لەرزۆکەکەی لە ھەولێر لە بندا ھەڵتەکێنن. بەڕاستی باشوری پتر لە پەنجا ساڵ لانکەی شۆڕش و کوردایەتی دەبوایە گەورەترین پشتیوانی کوردانی ڕۆژئاوا و پارچەکانی تر بوایە بەڵام دەسەڵاتێکی گەندەڵ کە ویژدان و بەزەیی بۆ خودی ئەو گەلە نەبێت کە پەنجا ساڵ پترە بە ناوی کوردایەتییەوە تووشی ھەزاران دەردە سەری کردوە، لیستەی دردەسەریەکان گەلێک دورودرێژە بەڵام ناوھێنانی ھەڵبجە و ئەنفال بەسە، جا ئەو دەسەڵاتە چۆن چاوەڕێی ئەوەی لێ دەکرێت خێری بۆ خەڵکانی تر ھەبێت. دەسەڵاتێک کە چەند سەعاتێک بەرگری لە گەلی یەزیدی نەکرد کە ئاکامەکەی فڕاندن و ئەتک کردنی ھەزاران ژنی یەزیدی بوو کەچی ھەر ئەو دەسەڵاتە بە ھەزاران چەکدار دەھێنێتە سەر جادەکانی ھەولێر دژی خانمێکی پەرلەمانتاری کورد بە بیانوی ئەوەی ئەو خانمە سوکایەتی بە چەکدارەکانی ئەو کردوە.

لەگەڵ ھەموو چەواشەکارییەکانی دەوڵەتی تورک و نۆکەرەکانی دژی YPG کەچی ئەمەریکا زیاتر پشت بە YPG دەبەستێ بۆ شەڕی داعش لە سوریا، بینیمان کە ئەمەریکییەکان داواکانی دەوڵەتی تورکیایان ڕەت کردەوە لە بەشدار نەکردنی YPG لە پرۆسەی ڕزگارکردنی ڕەقە ھەرچەند تورکەکان پێشنیاریان کرد کە ئامادەن بەشداری بکەن لە پرۆسەکەدا بە مەرجێک YPG وەلانرێ. ئەو ھەڵوێستەی ئەمەریکا دەری دەخات کە بڕوای تەواویان بە YPG ھەیە وەک ھێزێکی کاریگەر لە دژی داعش، ھەرچەند دەوڵەتی تورک لە ھەموو ڕویەکەوە پێگەی بەھێز ترە و ھاوپەیمانی ئەمەریکایە بەڵام جێگەی بڕوای ئەمەریکا نییە لە بەرەنگار بوونەوەی داعش.

خوێنەری بەڕێز خاڵێکی گرنگ کە ھەمیشە نابێت لە یادمان بچێت وەکو کورد ئەوەیە بەدەرلە سۆز و لانگیریی، بەدەر لەوەی کێ جاشە و کێ باشە، بەدەرلە وەی باسی چ پارچەیەکی کوردستان دەکەین، بەدەر لەوەی کێ لای ئەمەریکییەکان کوردی باشە یان خراپ، بەدەر لەوەی چ کوردێک ئازادیخوازە و چ کوردێک تێرۆریستە، ئەمەریکێکان و وڵاتانی باڵادەست لە سیاسەتی جیھان و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست تەنھا و تەنھا کورد وەک سەربازێک دەبینن لە دژی داعش لە باشور بێت یا لە ڕۆژئاوا. ھەموو ئەو سەرۆک و وەزیرانەی سەردانی باشوری کوردستان دەکەن ھیچیان فیدراڵی باشور بە فەرمی ناناسن. ھەموو دوانەکانیشیان لە کاتی سەردانەکانیاندا بۆ باشوری کوردستان بریتییە لە کۆمەڵە دەربڕینێکی سۆزەکی گشتی لە پەسنی پێشمەرگە و ئازایەتی کورد لە بەرەنگاربوونەوەی داعش. پەسنی پێشمەرگە و کورد دەکەن کە لە جیاتی ھەموو جیھان شەڕی داعش دەکات بەڵام کاتێک کونگرەی نێودەوڵەتی لە پایتەختەکانی خۆیان دەبەستن بۆ باسکردنی چۆنیەتی لێدانی داعش، نوێنەری ھەموو میللەتان بانگھێشت دەکەن، تەنانەت نوێنەری ھەندێ وڵاتی تێدایە کە کۆمەکی داعش دەکەن بەڵام نوێنەری ئەو میللەتە بانگ ناکەن کە لە جیاتی ھەموو جیھان شەڕی داعش دەکات. ئەوە درۆ کردن و گاڵتەکردن بە کورد نەبێ دەبێ چی بێت.

گەر ھاوکێشەکان لە سوریا بگۆڕدرێن و ڕژێمی ئەسەد دەسەڵاتی بەسەر ھەموو سوریادا بە ناوچە کوردییەکانیشەوە بگەڕێتەوە بە بڕوای من سیاسەتی خۆپاراستنی PYD مرۆڤ دەتوانێ بڵێ سیاسەتێکی سەرکەوتوو بووە. ئەوانەی شاری حەڵەب و شارەکانی دیکەیان کاولکرد و بە سەدان ھەزار کەسیان بە کوشت دا و ماڵی ملیۆنان مرۆڤیان کاول کرد چیان لە مەسەلەکە گۆڕی؟ چ ئازاد ی و خێر و خۆشییەکیان بۆ خەڵکی سوریا دەستەبەر کرد؟ گریمان گروپە ئیسلامییەکان ببوونایە بە خاوەن دەسەڵات ئایا چەند لە مافەکانی کوردیان دەسەلماند؟ تۆ بڵێی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریایان بکردایە بە بەھەشتی سەرزەمین یان ئەوان دەتوانن ھەر باسی بەھەشتی دوای مردنمان بۆ بکەن، ئۆپۆزۆسیۆنێک کە ھێشتا لە دەسەڵاتدا نییە ئامادە نیە دان بە بچوکترین مافی کورددا بھێنێت تەنانەت ھەر ئامادەش نیە کورد بناسێت وەکو گروپێکی ئەتنیکی، بەڵکو بە بەیت و بالۆرەی موسڵمان بوون بەردەوام بێت لەسەر ھەمان ڕێبازی عروبەی بەعس، دەبێ چ ژیرییەک لەوەدا بێت لایەنێک یا پارتێکی کوردی شانبەشانی ێۆپۆسۆزێۆنی لەو جۆرە شەڕی ڕژێم بکات. کورد لە ئاکامی ھەڵسوکەوتی دەژمنکارانەی دەسەڵاتە مەرکەزییەکانی پایتەختە داگیرکەرەکانی کوردستان ھەردەم بە چاوی ڕقەوە لە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانەی ڕوانیوە کە ئەمش کاردانەوەیەکی سروشتییە لە ھەموو مرۆڤێکدا. بەڵام پرسیارەکە لەوەدایە ئایا کاردانەوەی کورد دژی ئەو دەسەڵاتدارانە کە پتر زادەی سۆزێکی عەفەوی ناڕێکخراو بووە، چەند سەرکەوتوو بووە؟ چەند سەرکەتوو بووە لە پاراستنی خۆی دوای ھەرسھێنانی ئەو دەسەڵاتە؟ چەند لە مافەکانی سەلمێندراوە بە ھاتنی دەسەڵاتی نوێ؟ بە پێچەوانەوە لە زۆربەی جاردا دەسەڵاتی نوێ دڕندەتر و خوێنڕێژتر بووە. گەر PYD بەکرێگیراوی ئەسەد بێت و ئۆپۆزۆسیۆنی دانیشتوی ئەستەنبوڵ ناخوازێت دانوستاندنی لەگەڵدا بکات و مافی کوردان بناسێت، دەیانتوانی لەگەڵ ئەو پارتە کوردانەی دانیشتوی ھەولێر دانوستانن بکەن، خۆ ئەو پارتە کوردیانە بە ھاندانی دەسەڵاتدارانی ھەولێر و بۆ خاتری دەوڵەتی تورک لە ھەموو کەس زیاتر دژایەتی ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن. ئایا PYD لەوەدا ڕاست نییە کە ڕێگەی نەدا بە ھەزاران مرۆڤی کورد ببێت بە قوربانی سیاسەتەکانی ئەردوگان؟ بەقوربانی کردنی خەڵک و ماڵکاولکردنیان بۆ ئامانجی ھیچ تەنھا کاری سەرکردەی کەمفام و کاڵفامە کە بێباک و بەدەرە لە ھەموو بەھاو ئەخلاقێک، سەیرکەن گروپە چەکدارەکانی کە شاری حەڵەبیان کاولکرد چۆن بە فەرمانی سوڵتان ئەردوگان دوای ئەو قەسبخانەیەی کە خوڵقانیان لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد، لە ئاکامی سەوداو مامەڵەیەکی قرژ و پیس کە تەنھا و تەنھا بەرژەوەندی ھەردوو دەوڵەتی سوڵتان و قەیسەری لەبەرچاو گرت بە ملکەچی شارەکەیان بەجێھێشت بۆ کەڵبەی گورگەکانی ئەسەد و جەلادەکانی. گەڕەکێکی وەکو شێخ مەقسودی حەڵەب کوشتار و کاولکارییەکی ئەوتۆی بەرنەکەت لە چاو گەڕەکەکانی دی کە لە ژێر دەستی گروپە ئیسلامییەکان بوو، دەوجا با نەیارانی PYD ھەر ھاوار کەن و بڵێن PYD پیاوی ئەسەدە. پاراستنی ژیانی مرۆڤ و دورخستنەوەی کاولکاریی گەر بە یارمەتی و ڕێکەوتن لەگەڵ شەیتانیشدا بێت کارێکی پیرۆزە. لەوانەیە خوێنەر ھەبێت بڵێت ڕزگاریی و ئازادیی قوربانی دەوێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە تۆ بڵێی ڕۆژئاوای کوردستان کاول بوایە ئێستا کوردی ڕۆژئاوا لە بەھەشتی ئازادیی و خۆشگوزەرانی دەژیا؟ شێخەکانی خەلیج ئامادەی ھەموو کۆمەکێکی سەربازیی نەیارانی ئەسەدن بەڵام کە مەسەلە دێتە سەر کۆمەکی ملێۆنان دەربەدری شەڕ خۆیان لێ بێدەبگ کردوە و ئامادە نین تاقە یەک ئاوارە لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی خۆیان بحەوێننەوە ئەو ئاوارانە ھەم عەرەب و ھەم موسڵمانی برایانن بەڵام وڵاتێکی وەکو سوید زیاتر لە سەد ھەزار لەو ئاوارانەی سوریای پەنا داوە. وتارەکەم بە وتەیەکی مامۆستا مەسعوود محەمەد کۆتایی پێ دەھێنم کە دەڵێت ئەم جیھانە دواکەوتووەی سێھەم بە درۆ و ساختە فرچکی گرتووە تەنانەت گەر بۆی بلوێ ھەوڵداەدات بە درۆ و ساختە بگاتە بەھەشت.

17/01/2017

بگەڕێوە بۆ سەرەوە