قائیمقامی سلێمانی سوپاسی ئه‌و گه‌نجه‌ ده‌كات كه‌ هه‌وڵی ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تبارێكی دا

قائیمقامی سلێمانی سوپاسی و پێزانینی خۆی پێشكه‌ش به‌و گه‌نجه‌ ده‌كات كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رنج راكێش شۆفێری ئه‌و ته‌كسیه‌ ده‌ستگیر ده‌كات كه‌ پاش ئه‌وه‌ی به‌ ئوتومبێله‌كه‌ی له‌ هاوڵاتیه‌ك ده‌دات دواتر هه‌وڵی هه‌ڵهاتن ده‌دات،

ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 2. 3. 2017 له‌ دیوانی قائیمقامیه‌ت ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامی قه‌زای مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی به‌ ئاماده‌بونی خالید ماوه‌تی به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی ناوشاری سلێمانی پێشوازی له‌ (شاخه‌وان عه‌بدولخالق) ئه‌و كوڕه‌ گه‌نجه‌ كرد كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا له‌ یه‌كێك له‌ گه‌ره‌كه‌كانی شاری سلێمانی پاش ئه‌وه‌ی شۆفێری تاكسیه‌ك له‌ هاوڵاتیه‌ك ده‌دات و هه‌وڵی هه‌ڵهاتن ده‌دات، به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رنج راكێش كه‌ ته‌نانه‌ت سه‌ركێشی به‌ ژیانی خۆیه‌وه‌ ده‌كات خۆی هه‌ڵده‌واسێت به‌شی دواوه‌ی ئوتومبێله‌كه‌و دواتر به‌ هاوكاری ده‌زگا ئه‌منیه‌كان و چه‌ند كه‌سێكی دڵسۆز شۆفێری تاكسییه‌كه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێت و رووبه‌ڕووی دادگا ده‌كرێته‌وه‌، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره‌ مرۆڤ دۆستانه‌یه‌ی كه‌ ئه‌و گه‌نجه‌ی شاری سلێمانی كردوویه‌تی قائیمقامی سلێمانی به‌ناوی به‌رپرسانی ئیداری سلێمانیه‌وه‌ سوپاسی كرد و رایگه‌یاند به‌م هه‌ڵوێسته‌ت جگه‌ له‌وه‌ی رێگریت له‌ كارێكی نامرۆڤانه‌ كردووه‌ هاوكات ئه‌ركی ده‌زگا ئه‌منیه‌كانیشت سوك كردووه‌ له‌ ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تبارێك كه‌ ویستویه‌تی له‌ یاسا هه‌ڵبێت، هیواشی خواست نمونه‌ی ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ زۆربێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هه‌وڵی هه‌مووان رێگری له‌ هه‌موو جۆره‌ كارێكی نایاسایی و نامرۆڤانه‌ بكرێت.

 راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی

 

بگەڕێوە بۆ سەرەوە