راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی .. چالاكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌ 2017دا دووهێنده‌ زیادیكردووه‌

سه‌ره‌ڕای به‌رده‌وامی قه‌یرانی دارایی و ئه‌و دۆخه‌ ئابوورییه‌ی روی له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی له‌ پێناو پاراستنی ته‌ندروستی هاوڵاتیان و رێكخستنی بازاڕ، له‌ ساڵی 2017دا چالاكی و سه‌ردانه‌كانیان بۆ شوێنه‌ بازرگانییه‌كان به‌راورد به‌ ساڵی 2016 به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیادیكردووه‌.

گۆران قادر حه‌مه‌ فه‌ره‌ج- سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند: لیژنه‌كانیان له‌ ساڵی 2017دا (31444) سه‌ردانیان ئه‌نجام داوه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا له‌ ساڵی 2016دا (18731) سه‌ردانیان كردووه‌. له‌باره‌ی سه‌رپێچیشه‌وه‌ له‌ ساڵی 2017دا (2736) سه‌رپێچی تۆماركراوه‌، به‌ڵام له‌ ساڵی 2016دا ژماره‌ی سه‌رپێچییه‌كان (1732) سه‌رپێچی بووه‌.

سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: له‌ ساڵی 2017دا (3475) پسوله‌ی ئاگاداركردنه‌وه‌یان بۆ دوكان و ماركێت و شوێنه‌ بازرگانییه‌كان و (263) حاڵه‌تی داخستنیشیان هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ ساڵی 2016دا (2646) پسوله‌ی ئاگاداركردنه‌وه‌ و (105) حاڵه‌تی داخستنیان هه‌بووه‌. هاوكات له‌ ساڵی 2017دا (16) حاڵه‌تی روبه‌ڕوكردنه‌وه‌ی دادگایان هه‌بووه‌، له‌ كاتێكدا له‌ 2016دا ته‌نها (8) حاڵه‌تیان هه‌بووه‌ كه‌ رووبه‌ڕوی دادگایان كردووه‌ته‌وه‌.

له‌باره‌ی بڕی ته‌له‌ف و پاره‌ی غرامه‌یشه‌وه‌، گۆران قادر ئاشكرایكرد: له‌ ساڵی 2017دا (415) تۆن و (302) كیلۆگرام خۆراك و شه‌مه‌كی نه‌شیاویان بۆ به‌كارهێنان ته‌له‌ف كردووه‌، به‌ڵام له‌ ساڵی 2016دا ئه‌و بڕه‌ ته‌نها (236) تۆن و (375) كیلۆگرام بووه‌. سه‌رجه‌می غرامه‌ی مادیش له‌ ساڵی 2017دا (226) ملیۆن و (100) هه‌زار دیناری عیراقی بووه‌ و زۆرترین غرامه‌ش له‌ مانگی (8) دا بووه‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا له‌ ته‌واوی ساڵی 2016دا بڕی (119) ملیۆن و (595) هه‌زار دینار غرامه‌ی مادی كراوه‌.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بگەڕێوە بۆ سەرەوە