دانیشتووانی موسل مەترسییان لە چوونە ناوەوەی حەشدی شەعبی بۆ ناو شارەکەیان هەیە...

بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەری دانیشتووانی موسل کە زۆربەیان عەرەبی سوننەن مەترسی خۆیان دەربڕیوە لەبارەی بەشداریکردنی چەکدارانی حەشدی شەعبی بۆ ناو شارەکە، لە بەرامبەردا سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی دەڵێت ئەوان لە ئامادەباشیدان بۆ کونترۆڵکردنەوەی لای ڕاستی شاری موسڵ.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە پرسی بەشداریکردن و نەکردنی حەشدی شەعبی لە شەری موسڵدا یەکێکە لە پرسەکانی ڕۆژەڤ چونکە بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان چەکدارانی حەشد چەندین "تاوانی دژی مرۆڤایەتییان لە ناوچەکانی سوننەنشین ئەنجامداوە" بۆیە هاووڵاتیانی موسڵیش نیگەرانن لە بەشداریکردنی ئەو میلیشایە لە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکەیاندا.

لەم بارەیەوە، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لەو چەکدارانە کردووە خۆیان بەدوور بگرن لە چوونە ناو شارەکە، بەڵام ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان باس لەوە دەکەن کە چەکدارانی حەشدی شەعبی بە جلوبەرگی پۆلیسی عێراقییەوە چوونەتە ناو شارەکە و ئەمە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی پاسەوانی نەینەوا بە سەرۆکایەتی ئەسیل نوجێفی ڕایدەگەیەنن پاراستنی موسڵ ئەرکی ئەوانە چونکە چەکدارەکانیان لە خەڵکی موسڵ پێکدێن، بەڵام ئەمە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ڕەتکراوەتەوە.

لە بەرامبەردا بەپێێ هەواڵێکی ماڵپەری فەرمیی حەشدی شەعبی، ئەحمەد ئەسەدی وتەبێژی حەشدی شەعبی، ئامادەیی چەکدارەکانی دەربڕیوە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی لای ڕاستی موسڵ و ئاماژە بەوە دەکات ئەوان ئەو کۆنتروڵکردنە بۆ "دوژمن" دەکەن بە سوپرایز.ئەسەدی دەڵێت ئەوان تەواوی ئامادەکارییان کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی لای راستی موسڵ و ئەو بەشداریکردنە کارێکی بنەڕەتی دەبێت، چونکە تواناکانیان لە ئاستێکی بەرزدان.

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu