ئەمریکا داوای ئازادکردنی موسەوی و کەڕووبی لە ئێران دەکات. . .

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە خێرا سەرکردەکانی بزووتنەوەی سەوز لە ئێران ئازاد بکات. بە پێی هەواڵێک کە سایتی جام جەمی ئێرانی بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا بە بۆنەی شەشەمین ساڵیادی گیرانی میرحوسێن موسەوی، مەهدی کەڕووبی و زەهرا ڕەهنەوەرد لەلایەن حکومەت ئێرانەوە، داوای ئازادکردنی ئەو سەرکردانەی بزووتنەوەی سەوزی ئێرانی کرد کە دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە ٢٠٠٩ دەستگیر کران و لەئێستادا لە ماڵەکانی خۆیاندا دەستبەسەرن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەستبەسەرکردنی ئەو سێ سەرکردەیەی بزووتنەوەی سەوز لە ئێرانی دژ بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نێودەوڵەتیی مافی پاراستنی سڤیل و سیاسی دانا کە ئێران ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیە، لەو ڕووەوە داوای ئازادکردنی خێرای ئەو گیراوانەی کرد. بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی پابەندبوونی ئێران بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان کردەوە، لەوانە ئازادیی ڕادەربڕینی ئاشتییانە، مافی بەشداریکردن لە کەمەڵگەی مەدەنی و پرۆسەی سیاسی. 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu