سەرۆکی فەرەنسا سەردانی عێراق دەکات. . .

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئاشکرای کرد کە لە داهاتوویەکی نزیکدا سەرۆکی فەرەنسا سەردانی عێراق دەکات. دوای سەردانی ئەمڕۆی بۆ بەغدا و دیدار لەگەڵ ئیبراهیم جەعفەری هاوتای عێراقیی خۆی، «ژان لودریان» وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند لە داهاتوویەکی نزیکدا، ئیمانویل ماکرۆن سەرۆکی وڵاتەکەی بەمەبەستی دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، سەردانی بەغدا دەکات.

سەردانی هەرێمی کوردستان وێستگەی دووەمی سەردانی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و شاندی یاوەری دەبێت کە تیایدا لەگەڵ سەرۆک وەزیران و گەورە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

شایانی باسە، فەرەنسا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر، بەتایبەت دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر کە بەغدا کۆمەڵێک ئابڵۆقە و سزای بە سەر خەڵکی کوردستاندا سەپاند، سەردانی ماکرۆن بۆ بەغداش لە چوارچێوەی ئەو فشارە نێودەوڵەتییان بۆ سەر حەیدەر عەبادی دێت کە دەبێ بەپێی دەستووری عێراق، کێشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات. هەربۆیە جگە لە میوانداریی پێشتری نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی لەلایەن ئیمانۆیل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، سەردانی ڕۆژی ڕابردووی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و سەردانی ئەمجارەی وەزیرەی دەرەوەی فەرەنسا بۆ هەولێر، شکاندنی ئەو بەستەڵەکەیە و پەیامێکە بۆ بەغدا کە ئەوان بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هانی بەغدا دەدەن کە ڕێز لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بگرێت. هاوکات بڕیارە لەچەند ڕۆژی داهاتوودا لەسەر بانگهێشتی فەرمیی حکومەتی ئەڵمانیا، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکومەت سەردانی ئەو وڵاتە بکات.

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu