ڕۆژنامەی (الوطن): عێراق سیستمی بەرگریی مووشەکی لە ڕووسیا دەکڕێت...

سەرچاوەیەکی هەواڵی سعودیە ئاشکرای کرد حکومەتی عێراق بەنیازە سیستمی بەرگریی مووشەکی لە ڕووسیا بکڕێت. ئاژانسی فارسی ئێرانی هەواڵێکی ڕۆژنامەی (الوطن)ی سعودیی بڵاو کردەوە کە تیایدا سەرچاوەکە لە زاری پەرلەمانتارێکی عێراقەوە ئاشکرای کرد بەغدا لە هەوڵدایە بۆ کڕینی سیستمی بەرگریی مووشەکی لە جۆری (ئێس ٤٠٠) لە ڕووسیا.

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی حەشدی شەعبیی عێراق لە زۆربەی بنکە سەربازییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە ناو خاکی سووریا بوونیان هەیە بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی سوپای سووریا، عەبادی و حکومەتی بەغداش ئاگاداری ئەو جموجۆڵە سەربازییەن، هەربۆیە بەنیازن سیستمی پێشکەوتووی بەرگریی مووشەکی لە ڕووسیا بکڕن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەرەکییەکانی ئەو هێزانە لە عێراق. سەرچاوەکەی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی نەشاردەوە کە بۆ ئەو مەبەستە سەرۆک وەزیرانی عێراق تیمێکی لە وەزارەتی بەرگری و ڕاوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانی ڕاسپاردووە بۆ دانوستان لەگەڵ ڕووسیا لەسەر کڕێنی سیستمی پێشکەوتووی بەرگریی مووشەکی لە جۆری (ئێس ٤٠٠) و ئەو دۆسیەیە لە ژووری ئەمنیی هاوبەشی عێراق، سووریا، ئێران و ڕووسیاش تاوتوێ کراوە.

بە وتەی پەرلەمانتارەکەی بەغدا، ئەمریکا داوای ڕوونکردنەوەی زیاتریان لە بەغدا کردووە لەسەر ئەو بڕیارە، و پێیان وایە لە ئێستادا عێراق پێویستی بەو مووشەکانە نییە و هیچ هەڕەشەیەکی ئاسمانی لەسەر ئەم وڵاتە نییە. لەگەڵ ئەوەشدا دیپلۆماتە ئەمریکییەکان لە عێراق ئاگاداری نیگەرانیی بەغدان لە ئەگەری هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و بارەگای هەندێ لە گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی.

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu