ڕۆژنامەیەکی عەرەبی: مالیکی بۆ وەگرتنی سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی لە تارانە. . .

ڕۆژنامەی عوکازی عەرەبی بڵاویکردەوە کە نووری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عیراق و جێگری سەرۆککۆماری ئێستای عێراق بە مەبەستی بەردەستکردنی پشتیوانیی ئێران بۆ ئەوەی ببێتە سەرپەرشتی حەشدی شەعبی، سەردانی تارانی کردووە.  

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە مالیکی داوای پشتگیری لە محەمەد جەعفەری سەرکردەی سوپای پاسدارانی ئیران کردووە بۆ ئەوەی دوای شەڕی موسڵ ببێت بە سەرکردەی چەکدارانی حەشدی شەعبی. جەختی لەوەشکردووە کە ئەو هێزە لەژێر سەرپەرشتی قاسم سولێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران دەبێت.  

ڕۆژنامەکە ئاماژە بەوەش دەکات ئەم هەوڵانەی مالیکی بۆ ئەوەی دوای شەڕی موسل لەڕێگەی حەشدی شەعبییەوە هێرش بکاتە سەر کورد و تورکمانەکان بۆ ڕێگریکردن لە دابەشکردنی نەینەوا، هەروەها دامەزراندنی سەربازگەکانی حەشدی شەعبی لەناو خاکی سووریادا وەک قوناغی دووەم.  

مالیکی داوای پڕچەککردنی چەکدارانی حەشدی شەعبی کردووە و ڕایگەیاندووە کە پڕچەککردنی ئەوان لە تەیارکردنی سوپای عێراق گرنگترە.  جێگای ئاماژە پێدانە چەند ڕۆژێکە نووری مالیکی بە سەردانێک لە تارانی پایتەختی ئێرانە و لە لێدوانە ڕۆژنامەوانیەکانیدا دژایەتیی کورد دەکات و لە دواین لێدوانیدا ڕایگەیاندووە داوا دەکات هێزەکانی پێشمەرگە بۆ سنوورەکانی پێش ٢٠٠٣ بگەڕێنەوە.  

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu