ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی: میلیشیاکانی عێراق بە چەکی قورس خۆیان پرچەک دەکەن. . .

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە کوتا ڕاپۆرتیدا ئاماژە بەوە دەکات کە میلیشیا چەکدارەکانی عێراق کە بەناو پێکهاتەیەکن لە چوارچێوەی هێزە چەکدارەکانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعش، چەکەکانی سوپای عێراق بەکاردێنن کە لەلایەن وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپا و ڕووسیا و ئێرانەوە بە عێراق دراون.  

ڕاپۆرتەکە کە بەپێی لێکۆڵینەوە مەیدانییەکانی سەر بە رێکخراوەکە ئامادەکراوە، ئاماژە بەوە دەکات کە بەڵگەیان لەبەردەستە ئەو چەکدارانە سوود لە چەکی عێراقی دەبینن لەوانە تانک و زرێپۆش و چەکی قورس کە لەلایەن ١٦ وڵاتەوە بۆ عێراق دەنێردرێن.  

ڕاپۆرتەکە باس لەوەش دەکات کە ئەو گروپە چەکدارانە کە زۆربەیان لە چەکدارانی شیعە مەزهەب پێکدێن بەهۆی ئەو چەکانەوە کردەوەکانی دەستبەسەرداگرتن و ڕەشبگێریی هەزاران پیاو و منداڵیان دەستپێکردووە کە زۆربەیان سوننە مەزهەبن هەروەها لەلایەن ئەو چەکدارانەوە تووشی گرتن و ئەشکەنجەدان و تەنانەت لەسێدارەدانیش دەبنەوە.

لەم بارەیەوە پاتریک ویلکەن لێکۆڵەری بازرگانیی چەک و مافەکانی مرۆڤ لە ێێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند "پێویستە ئەو وڵاتانەی چەک بە عێراق دەدەن، لەوانە ئەمریکا و ڕووسیا و ئێران، ئەوە بزانن لە کوتایدا ئەو چەکانە دەکەونە دەست میلیشیا چەکدارەکان کە مێژویەکی درێژیان لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدا هەیە".  

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu