مالکی: داعش دروستکراوی دەستی دەوڵەتی ئۆبامایە. . .

سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ڕایگەیاند ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش دروستکراوی دەستی دەوڵەتی ئەمریکایە. ئاژانسی فارسی ئێرانی لێدوانێکی نووری مالکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقی بڵاو کردەوە کە لە کاردانەوەی قسەکانی جۆن کێری وەزیری دەرەوە ئەمریکادا، ڕایگەیاند دەوڵەتی ئەمریکا لە دەورانی باراک ئۆباما ڕێکخراوی داعشی دروست کرد. ناوبراو هەروەها سەرۆکی ئەمریکای بە ڕشتنی خوێنی هاووڵاتییانی عێراقی و سووری و یەمەنی تۆمەتبار کرد.

جیی باسە، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئابووریی داڤۆس لە سویسرا، جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دوایین دیمانەیدا لەگەڵ بەشی عەرەبیی کەناڵی سکای نیوز، وەک بەرپرسی دیپلۆماسیی دەوڵەتی ئۆباما، ڕەخنەی توندی ئاراستەی نووری مالکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق گرت بەوەی کە بە دامەزراندنی میلیشیای تائیفی، دەستی هەبوو لە لاوازکردی سوپای عێراق لە شەڕی موسڵ، ئەوەش ڕێخۆشکەر بوو بە هەڵاتنی سوپا لە موسڵ و داگیرکردنی ئەو شارە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە. جۆن کێری هۆکاری شکست و هەڵاتنی سوپای عێراق لە موسڵی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە سوپا بەهۆی تایفەگەرییەوە، خۆی بە نزیکی خەڵکی شارەکە نەدەزانی. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نووری مالکیی بە هۆکاری لاوازبوونی حکومەتی بەغدا و بەردەوامیدان بە داعش و گروپە تیرۆریستییەکانی دیکە لە عێراق تۆمەتبار کرد.

هەر لە دیمانەکەی سکای نیوزدا، جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە عێراقییەکان هەوڵ بدەن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە تایفییەکان لە وڵاتدا. 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu