دامەزراندنی لیژنەیەکی هەمیشەیی کۆمکاری عەرەبی لەدژی ئێران. . .

وەزیری دەرەوەی بەحرێن ڕایگەیاند لە کۆمکاری عەرەبی لیژنەیەکی هەمیشەیی لەدژی ئێران دامەزراوە بە ناوی لیژنەی "دەستوەردانەکانی ئێران لە وڵاتانی عەرەبی".

ئاژانسی فارسی ئێرانی لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە لێدوانێکی (خالد بن ئەحمەد ئال خەلیفە) وەزیری دەرەوەی بەحرێن کردووە کە تیایدا باس لەوە دەکات وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو لەژێر هەڕەشەی ئەمنیدان لە سنوورەکانی عێراق و یەمەنەوە و لەو ڕووەوە ئێرانیان وەک یەکەم هەڕەشەی ئەمنی بۆ سەر ئەو وڵاتانە وەسف کردووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، کە لە ڕۆژنامەی (الاهرام)یشدا بڵاو کراوەتەوە، بەرپرسەکەی بەحرێن دامەزراندنی لیژنەیەکی هەمیشەیی لە دژی ئێرانی لە کۆمکاری عەرەبی ئاشکرا کرد لەژێر ناوی "دەستوەردانی ئێران لە کاروباری وڵاتانی عەرەبی" کە لەو کۆمکارەدا جگە لە بەحرێن، هەریەک لە وڵاتانی میسر، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و سعودیا تیایدا ئەندامن. هۆشداریی ئەوەشی داوە ئەگەر تاران کۆتایی بە دەستوەردانەکانی نەهێنێت، ئەوا بەحرێن کۆمەڵێک ڕێکاری سیاسی و دیپلۆماسی دەگرێتەبەر و پرسەکە دەباتە ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu