ڕۆژنامەیەکی عەرەبی: ململانێی نێوان مالیکی و عەبادی حزبی دەعوەی کردووە بە دوو بەش. . .

بەپێی هەواڵیکی ڕۆژنامەی ئەلعەرەب ئەلجەدید، ناکۆکیی قووڵ لەنیوان حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران و نووری مالیکی جێگری سەرۆک کۆماری عێراقدا هەیە لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق. ڕۆژنامەکە لەسەر زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە هاوپەیمانی شیعە ڕایگەیاندووە لە کۆتایی مانگی ڕابردووەوە ناکۆکی توند کەوتووتە نیوان مالیکی و عەبادی و ئەو ناکۆکییە بووەتە هۆکارێک بۆ دابەشبوونی حزبی دەعوە بۆ سەر دوو بەرەدا. سەرچاوەکە دەڵێت یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو ناکۆکییە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە نووری مالیکی ئیتیلافی دەولەتی یاسا بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتوو بەناوی خۆی لە کۆمسیونی هەڵبژاردنەکاندا تۆمار کردووە و خۆی وەک سەرۆکی لیستەکەش دیاری کردووە، کە ئەمەش بووەتە هۆکارێک کە حەیدەر عەبادی بیر لە لیستێکی جیا بەناوی تەحریر و ئیسلاح بکاتەوە.

ئەم لێدوانانە لەکاتێکدانە کە خالد ئەلئەسەدی وتەبێژی ئیتیلافی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاندووە کە ئەوان بە هەمان ناوی (دەوڵەتی یاسا) بە چەند هەموارکردنێکی کەمەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن.

هەر لەمبارەیەوە جاسم محەمەد جەعفەر پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاندووە کە مالیکی بە سەرۆکایەتیکردنی دەوڵەتی یاسا بەشداری هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دەکات، هەربۆیە حەیدەر عەبادی هەوڵ دەدات بە لیستێکی جیاواز بەشدار بێت.

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu